عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێتلەحمەوە
- 1
- ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
 چونکە گەمارۆ دراوین.
 بە گۆچان لە ڕوومەتی
 ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.
- 2
- «بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی ئەفراتە،
 هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی[a] یەهودا بچووکیت،
 بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
 ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
 ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
 لە ئەزەلەوەیە.»
- 3
- لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
 هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
 پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
 بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.
- 4
- جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
 بە هێزی یەزدان،
 بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
 جا بە ئاسوودەیی دەژین،
 چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
- 5
- ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
 کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
 پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
 حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
 لەگەڵ هەشت میر.
- 6
- بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و
 خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.
 بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،
 کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و
 کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.
- 7
- پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت،
 وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،
 وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،
 ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
 بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.
- 8
- پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،
 لەنێو چەندین گەل،
 وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،
 وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،
 ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،
 کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.
- 9
- دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و
 هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.
- 10
- یەزدان دەفەرموێت:
 «لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و
 گالیسکەکانت تێک دەشکێنم.
- 11
- شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و
 هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.
- 12
- ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و
 لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.
- 13
- بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و
 لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت[b] لە ناوەڕاستت،
 ئیتر کڕنۆش نابەیت
 بۆ دەستکردی دەستەکانت.
- 14
- ستوونە ئەشێراکانت[c]  لەنێوتدا هەڵدەکێشم و
 شارەکانت وێران دەکەم.
- 15
- بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە
 لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»
- a. 5:2 یان: هۆزەکانی یەهودا.
- b. 5:13 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16:21-22.
- c. 5:14 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5.

