عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سکاڵای یەزدان لە دژی ئیسرائیل 
1
گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت:
«هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە،
با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.
2
«ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن،
ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن!
چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی،
داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.
3
«ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟
بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!
4
من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت،
لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە.
من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات،
هەروەها هارون و مریەمیش.
5
ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت
بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و
بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە.
گەشتەکەت لە شەتیمەوە هەتا گلگال بهێنەرەوە یادت،
تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»
6
بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و
بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟
ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی،
بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
7
ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و
بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟
ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم،
بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
8
ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و
داوای چیت لێدەکات:
دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و
بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.
تاوان و سزای ئیسرائیل 
9
ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن!
دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات:
«ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!
10
ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟
ئایا ئێفەی[a] ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟
11
ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم،
ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟
12
دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن،
دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و
بە زمانیان فێڵ دەکەن.
13
لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم،
لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.
14
ئێوە دەخۆن و تێر نابن،
گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت.
ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە،
چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.
15
ئێوە دەچێنن و نادورنەوە،
زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن،
ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە،
16
چونکە فەرزەکانی عۆمری[b] و
هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و
ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر.
لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و
دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و
تانە و تەشەری نەتەوەکان.»
  1. a. 6‏:10 ئێفە یەکەیەکی کێشە، بیست و دوو لیتر بوو.‏
  2. b. 6‏:16 عۆمری باوکی ئەحاڤ بوو، هەردووکیان گەلی خودایان بۆ بتپەرستی هاندا. بڕوانە 1 پاشایان 16‏:23‏-26.‏