عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ژنهێنان و تەڵاقدان
 - 1
 - ئینجا عیسا ئەوێی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون. دیسان خەڵک لێی کۆبوونەوە، وەک نەریتی خۆی فێری دەکردن.
 - 2
 - هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
 - 3
 - وەڵامی دایەوە: «موسا فەرمانی چی پێ کردوون؟»
 - 4
 - گوتیان: «موسا ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و لە ژنەکەی جودا ببێتەوە.»
 - 5
 - بەڵام عیسا پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین.
 - 6
 - بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان.﴾[a]
 - 7
 - ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت،
 - 8
 - ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾[b] کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن.
 - 9
 - لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
 - 10
 - لە ماڵەوەش، قوتابییەکان دیسان لەم بارەیەوە لێیان پرسی.
 - 11
 - پێی فەرموون: «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی بەرامبەر دەکات.
 - 12
 - ئەگەر ژن مێردەکەی تەڵاق بدات و مێرد بە یەکێکی دیکە بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
 - عیسا منداڵان بەرەکەتدار دەکات
 - 13
 - خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت[c] ، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
 - 14
 - کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.
 - 15
 - ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
 - 16
 - منداڵەکانیشی لە باوەش کرد، دەستی لەسەر دانان و بەرەکەتی پێدان.
 - گەنجە دەوڵەمەندەکە
 - 17
 - کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
 - 18
 - عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
 - 19
 - ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾[d] »
 - 20
 - ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.»
 - 21
 - عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.»
 - 22
 - بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
 - 23
 - عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!»
 - 24
 - قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونە ناو شانشینی خودا چەند زەحمەتە!
 - 25
 - ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
 - 26
 - جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
 - 27
 - عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
 - 28
 - پەترۆس دەستی بە قسە کرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.»
 - 29
 - عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت،
 - 30
 - ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ، برا، خوشک، دایک، منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.
 - 31
 - بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
 - سێیەم باسی مردنی عیسا
 - 32
 - بە ڕێگاوە بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت.
 - 33
 - فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان،
 - 34
 - گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»
 - خزمەتکار پایەبەرزترە
 - 35
 - یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.»
 - 36
 - ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
 - 37
 - وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.»
 - 38
 - بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم[e] ؟»
 - 39
 - وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن. - 40
 - بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.»
 - 41
 - کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانی یاقوب و یۆحەنایان بیستەوە، لێیان تووڕە بوون،
 - 42
 - بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن.
 - 43
 - بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان.
 - 44
 - ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان،
 - 45
 - چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
 - عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە
 - 46
 - ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو.
 - 47
 - کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
 - 48
 - زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
 - 49
 - عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.»
ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» - 50
 - ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستا و هاتە لای عیسا.
 - 51
 - عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟»
نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.» - 52
 - عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.
 
- a. 10:6 پەیدابوون 1:27.
 - b. 10:8 پەیدابوون 2:24.
 - c. 10:13 مەبەست لە دەست لەسەر دانان، بەرەکەتدارکردنە.
 - d. 10:19 دەرچوون 20:12 و دواوتار 5:16،20.
 - e. 10:38 مەبەستی لە لەخاچدانە.
 

