عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ژنهێنان و تەڵاقدان 
1
ئینجا عیسا ئەوێی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون. دیسان خەڵک لێی کۆبوونەوە، وەک نەریتی خۆی فێری دەکردن.
2
هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
3
وەڵامی دایەوە: «موسا فەرمانی چی پێ کردوون؟»
4
گوتیان: «موسا ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و لە ژنەکەی جودا ببێتەوە.»
5
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین.
6
بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان.﴾[a]
7
﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت،
8
ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾[b] کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن.
9
لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
10
لە ماڵەوەش، قوتابییەکان دیسان لەم بارەیەوە لێیان پرسی.
11
پێی فەرموون: «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی بەرامبەر دەکات.
12
ئەگەر ژن مێردەکەی تەڵاق بدات و مێرد بە یەکێکی دیکە بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
عیسا منداڵان بەرەکەتدار دەکات 
13
خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت[c] ، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
14
کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.
15
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
16
منداڵەکانیشی لە باوەش کرد، دەستی لەسەر دانان و بەرەکەتی پێدان.
گەنجە دەوڵەمەندەکە 
17
کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
18
عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
19
ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾[d] »
20
ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.»
21
عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.»
22
بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
23
عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!»
24
قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونە ناو شانشینی خودا چەند زەحمەتە!
25
ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
26
جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
27
عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
28
پەترۆس دەستی بە قسە کرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.»
29
عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت،
30
ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ، برا، خوشک، دایک، منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.
31
بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
سێیەم باسی مردنی عیسا 
32
بە ڕێگاوە بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت.
33
فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان،
34
گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»
خزمەتکار پایەبەرزترە 
35
یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.»
36
ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
37
وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.»
38
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم[e] ؟»
39
وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن.
40
بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.»
41
کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانی یاقوب و یۆحەنایان بیستەوە، لێیان تووڕە بوون،
42
بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن.
43
بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان.
44
ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان،
45
چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە 
46
ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو.
47
کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
48
زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
49
عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.»
ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.»
50
ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستا و هاتە لای عیسا.
51
عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟»
نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.»
52
عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.
  1. a. 10‏:6 پەیدابوون 1‏:27.‏‏
  2. b. 10‏:8 پەیدابوون 2‏:24.‏‏
  3. c. 10‏:13 مەبەست لە دەست لەسەر دانان، بەرەکەتدارکردنە.‏
  4. d. 10‏:19 دەرچوون 20‏:12 و دواوتار 5‏:16‏،20‏‏.‏
  5. e. 10‏:38 مەبەستی لە لەخاچدانە.‏