عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پیلانگێڕی بۆ کوشتنی عیسا 
1
جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن،
2
گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»
ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتنی 
3
کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی[a] بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند.
4
بەڵام هەندێک تووڕە بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟
5
دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد.
6
بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆچی بێزاری دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد.
7
هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.
8
ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد.
9
ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
ناپاکی یەهوزا 
10
یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
11
کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
جەژنی پەسخە 
12
لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، کە بەرخی پەسخەیان[b] سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»
13
ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون.
14
لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“
15
ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.»
16
قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
17
کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات.
18
پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.»
19
خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ ئەو کەسە من نیم؟»
20
پێی فەرموون: «یەکێکە لەم دوازدەیە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە.
21
کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»
دوایین شێوی مەسیح 
22
کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن، ئەمە جەستەی منە.»
23
ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و هەموو لێیان خواردەوە.
24
پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت.
25
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.»
26
ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان[c] گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.
پێشبینی نکۆڵیکردنی پەترۆس 
27
عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:
«﴿لە شوانەکە دەدەم،
مەڕەکان پەرت دەبن.﴾[d]
28
بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»
29
پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.»
30
عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
31
بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.
نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی 
32
پاشان چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.»
33
ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد.
34
پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.»
35
کەمێک دوور کەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت.
36
فەرمووی: «بابە![e] باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»
37
گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک ئێشک بگریت؟
38
ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.»
39
دیسان ڕۆیشتەوە و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە.
40
کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە.
41
سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران.
42
هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»
گرتنی عیسا 
43
کاتێک هێشتا عیسا قسەی دەکرد، لەناکاو یەهوزا گەیشت کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو.
44
ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.»
45
هەرکە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!»[f] و ماچی کرد.
46
ئیتر دەستبەسەریان کرد و گرتییان.
47
بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.
48
عیساش پێی فەرموون: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟
49
ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.»
50
ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
51
گەنجێک دوای عیسا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک گرتیان،
52
کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد.
دادگاییکردنی عیسا 
53
عیسایان بردە لای سەرۆکی کاهینان، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە.
54
پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە.
55
کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە[g] بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت.
56
کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە.
57
هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان:
58
«گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردی مرۆڤە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت.“»
59
لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو.
60
سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟»
61
بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟»
62
عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.[h] »
63
سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟
64
خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟»
هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە.
65
هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.
پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات 
66
پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشەکە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆکی کاهینان هات.
67
پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.»
68
بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. {ئینجا کەڵەشێر خوێندی.}
69
کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.»
70
دیسان نکۆڵیی کرد.
پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان گوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.»
71
دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.»
72
دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەکەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا.
  1. a. 14‏:3 لە بەردی ئەلەباستەر دروستکرابوو، ئەم جۆرە بەردە لە میسر هەیە بۆ تاشین ئاسانە و ڕەنگەکەی قاوەییە.‏
  2. b. 14‏:12 سەربڕینی بەرخ لە یادی ئەو قوربانییەی لە سەردەمی موسا لە میسردا سەربڕدراوە، بڕوانە دەرچوون 12‏:1‏-28.‏‏
  3. c. 14‏:26 خوێندنەوەی زەبوور لە شێوەی گۆرانی.‏
  4. d. 14‏:27 زەکەریا 13‏:7‏‏
  5. e. 14‏:36 یۆنانی: ئابە.‏
  6. f. 14‏:45 ڕابی: وشەیەکی عیبرییە بە واتای مامۆستا دێت.‏
  7. g. 14‏:55 ئەنجومەنی باڵای جولەکە کە لە یۆنانی پێی گوتراوە \+tl سەنهەدرین‏\+tl*، باڵاترین دەسەڵاتی جولەکە بووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ئایینی و شارستانی و تاوانبارکردنی هەبووە.‏
  8. h. 14‏:62 دانیال 7‏:13‏‏.‏