عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- سروشێک[a] سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:
- تووڕەیی خودا لە دژی نەینەوا
- 2
- یەزدان خودایەکی ئیرەدار[b]  و تۆڵەسێنەرە،
 یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە.
 یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و
 هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە.
- 3
- یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە،
 بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت.
 ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە،
 هەور تۆزی پێیەکانیەتی.
- 4
- دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات،
 هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات.
 باشان و کارمەل سیس دەکات،
 خونچەی لوبنان سیس دەبێت.
- 5
- چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و
 گردەکان دەتوێنەوە.
 زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت،
 جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی.
- 6
- کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
 کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟
 هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و
 تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.
- 7
- یەزدان چاکە،
 لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە.
 بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،
- 8
- بەڵام بە تۆفانێکی گەورە
 بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت،
 دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت.
- 9
- بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟
 ئەو کۆتایی پێدەهێنێت،
 کارەسات دوو جار بەرپا نابێت.
- 10
- ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن،
 بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن،
 هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن.
- 11
- ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت،
 ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان،
 ڕاوێژکاری بەدکارییە.
- 12
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «هەرچەندە بەهێز و زۆریشن،
 بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن.
 ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت
 بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم.
- 13
- ئێستاش ئەو نیرەی[c]  کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم،
 کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.»
- 14
- ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە:
 «هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت.
 بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان
 لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم.
 گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.»
- 15
- ئەوەتا لەسەر چیاکانە
 پێیەکانی مزگێنیدەر،
 ئاشتی ڕادەگەیەنێت!
 ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە،
 نەزرەکانت[d] بەجێبهێنە،
 ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن،
 بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.
- a. 1:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- b. 1:2 ئیرەدار: لێرەدا واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات.
- c. 1:13 مەبەستی لە بارگرانییە.
- d. 1:15 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.

