عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت،
بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.
2
مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات،
ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.
3
ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.
4
گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت،
بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت.
5
کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە،
بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.
6
ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە،
خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.
7
هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە،
هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.
8
لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە،
بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.
9
ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە،
بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
10
لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت،
بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.
11
ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات،
بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات.
12
ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات،
ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.
13
ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە[a] بکات خۆی لەناودەبات،
بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.
14
فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە،
بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
15
تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت،
بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.
16
هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات،
بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.
17
نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە،
پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.
18
هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن،
بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.
19
ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان،
بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.
20
ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا،
هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات.
21
خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت،
بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.
22
پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی[b] بەجێدەهێڵێت،
سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.
23
لەوانەیە زەویی بەیاری[c] هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت،
بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.
24
ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی،
بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.
25
کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت،
بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.
  1. a. 13‏:13 مەبەستی لە فێرکردنی تەوراتی موسایە.‏
  2. b. 13‏:22 عیبری، کوڕی کوڕ.‏
  3. c. 13‏:23 زەوی نەکێڵدراو و ئامادە بۆ کێڵان.‏