عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- پلانەکانی دڵ هی مرۆڤە،
 بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە.
- 2
- هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن،
 بەڵام یەزدان پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت.
- 3
- کارەکانت بە یەزدان بسپێرە،
 پلانەکانت جێگیر دەبێت.
- 4
- یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە،
 تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا.
- 5
- یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە،
 بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت.
- 6
- بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت[a]  بۆ تاوان دەکرێت،
 بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.
- 7
- ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت،
 وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە.
- 8
- باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە
 لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا.
- 9
- دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت،
 بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات.
- 10
- قسەی پاشا وەک سروشە[b] ،
 دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات.
- 11
- قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە،
 هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە.
- 12
- قێزی پاشایان لە خراپەکردنە،
 چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت.
- 13
- ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە،
 کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت.
- 14
- تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە،
 بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە.
- 15
- ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە،
 ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە.
- 16
- دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە،
 دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە.
- 17
- ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە،
 ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت.
- 18
- لەپێش شکان لووتبەرزییە،
 لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە.
- 19
- باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت،
 لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.
- 20
- ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت،
 ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت.
- 21
- ئەوەی لە دڵدا دانا بێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو،
 شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات.
- 22
- وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی،
 بەڵام گێلەکان بە گێلایەتی خۆیان سزا دەدرێن.
- 23
- دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و
 بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات.
- 24
- قسەی جوان شانەی هەنگوینە،
 بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.
- 25
- ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
 بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.
- 26
- نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات،
 برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت.
- 27
- کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات[c]  و
 لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن.
- 28
- کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و
 دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
- 29
- کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و
 بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.
- 30
- ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت،
 ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.
- 31
- ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە،
 لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت.
- 32
- ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە،
 ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت.
- 33
- تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش،
 بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.
- a. 16:6 ئەم قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.
- b. 16:10 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- c. 16:27 عیبری: هەڵکەندنی خراپە.

