عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
پلانەکانی دڵ هی مرۆڤە،
بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە.
2
هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن،
بەڵام یەزدان پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت.
3
کارەکانت بە یەزدان بسپێرە،
پلانەکانت جێگیر دەبێت.
4
یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە،
تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا.
5
یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە،
بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت.
6
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت[a] بۆ تاوان دەکرێت،
بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.
7
ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت،
وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە.
8
باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە
لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا.
9
دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت،
بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات.
10
قسەی پاشا وەک سروشە[b] ،
دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات.
11
قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە،
هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە.
12
قێزی پاشایان لە خراپەکردنە،
چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت.
13
ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە،
کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت.
14
تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە،
بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە.
15
ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە،
ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە.
16
دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە،
دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە.
17
ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە،
ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت.
18
لەپێش شکان لووتبەرزییە،
لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە.
19
باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت،
لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.
20
ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت،
ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت.
21
ئەوەی لە دڵدا دانا بێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو،
شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات.
22
وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی،
بەڵام گێلەکان بە گێلایەتی خۆیان سزا دەدرێن.
23
دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و
بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات.
24
قسەی جوان شانەی هەنگوینە،
بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.
25
ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.
26
نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات،
برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت.
27
کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات[c] و
لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن.
28
کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و
دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
29
کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و
بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.
30
ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت،
ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.
31
ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە،
لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت.
32
ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە،
ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت.
33
تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش،
بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.
  1. a. 16‏:6 ئەم قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.‏
  2. b. 16‏:10 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏
  3. c. 16‏:27 عیبری: هەڵکەندنی خراپە.‏