عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
- 2
- با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
 ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
- 3
- لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
 لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە:
- 4
- هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
 ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
- 5
- برسی و تینوو بوون،
 گیانیان داهێزرا.
- 6
- ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
 ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
- 7
- ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
 بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
- 8
- با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
 بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 9
- چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
 گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.
- 10
- هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ،
 لە دیلیێتی ئازار و ئاسن،
- 11
- چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
 سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
- 12
- لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
 کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
- 13
- ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
 ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
- 14
- لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
 کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
- 15
- با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
 بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 16
- چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
 شیشە ئاسنەکانی شکاند.
- 17
- هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و
 لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
- 18
- قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
 لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
- 19
- ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
 ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
- 20
- فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
 لە فەوتان دەربازی کردن.
- 21
- با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
 بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 22
- با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
 بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.
- 23
- هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا،
 ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.
- 24
- ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی،
 کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.
- 25
- بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا،
 شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.
- 26
- بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان،
 گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.
- 27
- وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون،
 نازانن چی دەکەن.
- 28
- ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
 ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
- 29
- ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی،
 شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.
- 30
- دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە،
 گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.
- 31
- با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
 بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 32
- با لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە،
 لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.
- 33
- ڕووباری کردە بیابان و
 سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
- 34
- خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
 لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
- 35
- بیابانی کردە گۆمە ئاو و
 زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
- 36
- برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
 شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
- 37
- کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
 دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
- 38
- بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون،
 ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.
- 39
- ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە،
 لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.
- 40
- ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت،
 لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.
- 41
- بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە،
 وەک ڕانە مەڕ بنەماڵەی ئەوانی زیاد کرد.
- 42
- سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
 بەڵام هەموو خراپەکاران دەمیان دەگیرێت.
- 43
- کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
 لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.

