عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. - 2
 - با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە، - 3
 - لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە: - 4
 - هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە. - 5
 - برسی و تینوو بوون،
گیانیان داهێزرا. - 6
 - ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن. - 7
 - ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون. - 8
 - با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد، - 9
 - چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە. - 10
 - هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ،
لە دیلیێتی ئازار و ئاسن، - 11
 - چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد. - 12
 - لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات. - 13
 - ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن. - 14
 - لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن. - 15
 - با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد، - 16
 - چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
شیشە ئاسنەکانی شکاند. - 17
 - هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و
لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن. - 18
 - قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە. - 19
 - ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن. - 20
 - فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
لە فەوتان دەربازی کردن. - 21
 - با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد، - 22
 - با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن. - 23
 - هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا،
ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد. - 24
 - ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی،
کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی. - 25
 - بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا،
شەپۆلەکانی بەرزکردەوە. - 26
 - بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان،
گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە. - 27
 - وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون،
نازانن چی دەکەن. - 28
 - ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن. - 29
 - ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی،
شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد. - 30
 - دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە،
گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست. - 31
 - با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد، - 32
 - با لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە،
لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن. - 33
 - ڕووباری کردە بیابان و
سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو، - 34
 - خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون. - 35
 - بیابانی کردە گۆمە ئاو و
زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان. - 36
 - برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند. - 37
 - کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
دەغڵیان بە بەروبووم بوو. - 38
 - بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون،
ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە. - 39
 - ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە،
لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی. - 40
 - ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت،
لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن. - 41
 - بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە،
وەک ڕانە مەڕ بنەماڵەی ئەوانی زیاد کرد. - 42
 - سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
بەڵام هەموو خراپەکاران دەمیان دەگیرێت. - 43
 - کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات. 

