عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
هەلیلویا!
ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
2
ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
لە حەوشەی ماڵی خودامان.
3
ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
4
چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.
5
من دەزانم یەزدان مەزنە،
پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
6
یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
7
لەوپەڕی زەوییەوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.
8
ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
9
ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
10
ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
پاشا بە تواناکانی کوشت.
11
سیحۆنی[a] پاشای ئەمۆرییەکان و
عۆگی[b] پاشای باشان و
هەموو پاشاکانی کەنعان
12
خاکەکەیانی کردە میرات،
میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.
13
ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
14
چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.
15
بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن.
16
دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
17
گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
هەناسە لە دەمیان نییە.
18
دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
19
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
20
ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
21
ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.
هەلیلویا!
هەلیلویا!
  1. a. 135‏:11 سیحۆن، یەکێک بوو لە پاشاکانی ئەمۆرییەکان، ویستی بەرەنگاری جولەکەکان بێتەوە و ڕێی پێنەدان بەناو خاکەکەیدا تێبپەڕن، کاتێک بەڕێوە بوون بەرەو خاکی کەنعان. جا خۆی و سوپاکەی تێکشکان. بڕوانە ژمارە 21‏:21‏-29.‏
  2. b. 135‏:11 عۆگ، پاشای باشان بوو، بە هەمان دەردی سیحۆن چوو. بڕوانە ژمارە 21‏:31‏-35.‏