عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
- 1
- ئەی هەموو گەلان، ئەمە ببیستن،
 ئەی هەموو دانیشتووانی زەوی، گوێ بگرن،
- 2
- پایەبەرز و پایەنزم،
 هەژار و دەوڵەمەند پێکەوە.
- 3
- دەمم باسی دانایی دەکات،
 لێکدانەوەی دڵم تێگەیشتنە.
- 4
- گوێ بۆ پەند شل دەکەم،
 بە قیسارە مەتەڵەکەم ڕوون دەکەمەوە.
- 5
- بۆ لە ڕۆژانی تەنگانە بترسم،
 کاتێک فێڵبازە خراپەکارەکان دەورم دەگرن؟
- 6
- ئەوانەن کە پشت بە سامانیان دەبەستن،
 شانازی بە دەوڵەمەندییەکەیان دەکەن.
- 7
- کەس ناتوانێت ژیانی براکەی بکڕێتەوە،
 یان کەفارەتی ئەو بداتە خودا.
- 8
- کڕینەوەی ژیان زۆر گران دەکەوێت،
 هەرگیز ناتوانرێت نرخی تەواوی بدرێت،
- 9
- تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و
 گۆڕ نەبینێت.
- 10
- بێگومان هەموو دەبینن کە تەنانەت کەسە داناکانیش دەمرن،
 نەزانەکان و گێلەکان وەک یەک لەناودەچن و
 سامانیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن.
- 11
- گۆڕیان ماڵی هەتاهەتاییانە،
 شوێنی نیشتەجێبوونیانە نەوە دوای نەوە،
 لەگەڵ ئەوەشدا زەویشیان بە ناوی خۆیانەوە ناودەنا.
- 12
- مرۆڤ هەرچەندە دەوڵەمەند بێت نامێنێت،
 وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
- 13
- ئەمە ڕێگای ئەوانەیە کە پشت بە خۆیان دەبەستن،
 ئەوانەش کە دوایان دەکەون بە قسەکانیان پەسەندی دەکەن.[a]
- 14
- ئەوانە وەک مەڕن و چارەنووسیان مەرگە،
 مەرگ دەبێتە شوانیان.
 لە بەیانیدا سەرڕاستەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکەن،
 شێوەیان دادەڕزێت،
 جیهانی مردووان دەبێتە ماڵیان.
- 15
- بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە،
 چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.
- 16
- ترست لێ نەنیشێت ئەگەر یەکێک دەوڵەمەند بوو،
 شکۆمەندی ماڵەکەی زیاد بوو،
- 17
- چونکە کە مرد هیچ لەگەڵ خۆی نابات،
 شکۆیەکەی بەدوایەوە نابێت.
- 18
- لەگەڵ ئەوەی کاتێک زیندووە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت،
 ستایش دەکرێیت کاتێک سەرکەوتوو بیت.
- 19
- بەڵام ئەویش بۆ نەوەی باوباپیرانی دەڕوات،
 ئەوانەی هەتاهەتایە چاویان بە ڕووناکی ناکەوێتەوە.
- 20
- مرۆڤ دەوڵەمەندیش بێت ئەگەر تێنەگات،
 وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
- a. 49:13 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 15، وشەی \+tl سەلاە\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.

