عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.
- 1
- ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
 پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
- 2
- گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
 سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
- 3
- لە بیستنی دەنگی دوژمن،
 لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
 چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
 بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.
- 4
- دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
 ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
- 5
- ترس و لەرز دایگرتووم،
 تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
- 6
- گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
 دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
- 7
- بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
 لە چۆڵەوانی دەمامەوە.[a]
- 8
- پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
 دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»
- 9
- ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،
 چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
- 10
- شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
 خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
- 11
- وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
 دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.
- 12
- ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
 بەرگەم دەگرت،
 ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
 دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
- 13
- بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،
 هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
- 14
- کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
 بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.
- 15
- با مەرگ چەواشەیان بکات،
 با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
 چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
- 16
- بەڵام هاواری من بۆ خودایە،
 یەزدانیش ڕزگارم دەکات.
- 17
- ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان
 گلەیی دەکەم و دەناڵێنم،
 ئەویش گوێم لێ دەگرێت.
- 18
- گیانمی بە تەواوی کڕییەوە
 لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە،
 چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.
- 19
- خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە،
 گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛
 ئەوانەی ناگۆڕێن و
 ترسی خودایان لە دڵدا نییە.
- 20
- هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی،
 پەیمانی خۆی دەشکێنێت.
- 21
- زمانی وەک کەرە لووسە،
 بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە.
 قسەی لە ڕۆن نەرمترە،
 بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.
- 22
- خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە،
 ئەو پشتگیریت دەکات،
 هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.
- 23
- بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر،
 خوێنڕێژ و فێڵبازەکان،
 ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە.
 بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.
- a. 55:7 لە دەقی عیبری لێرە و لە ناوەڕاستی ئایەتی 19، وشەی \+tl سەلاە\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.

