عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک.
- 1
- با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە!
 با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!
- 2
- وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت،
 وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر،
 با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.
- 3
- بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن،
 لە خۆشییان شاگەشکە بن.
- 4
- گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن،
 ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە،
 ناوی یەزدانە،
 لەبەردەمی دڵشاد بن.
- 5
- باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان،
 خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.
- 6
- خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات،
 بەندکراوەکان ئازاد دەکات،
 بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.
- 7
- ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد،
 کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت،[a]
- 8
- زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد
 لەبەردەم خودا، خودای سینا،
 لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.
- 9
- ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند،
 میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.
- 10
- کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن،
 خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.
- 11
- پەروەردگار فەرمانی دا[b]  و
 کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:
- 12
- «پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن!
 ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،
- 13
- تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن،
 باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و
 پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»
- 14
- کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد،
 وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن[c] .
- 15
- چیای باشان چیای خودایە،
 چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.
- 16
- ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە
 کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت،
 بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟
- 17
- گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە،
 پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.
- 18
- ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی،
 دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد،
 دیاریت لە خەڵک وەرگرت،
 تەنانەت لە یاخییەکانیش،
 ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.
- 19
- ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان،
 ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.
- 20
- خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە،
 لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.
- 21
- بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە،
 تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.
- 22
- پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە،
 لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،
- 23
- بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت،
 زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»
- 24
- ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،
 کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
- 25
- گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و ساز لێدەرەکان لە دواوە،
 کچۆڵە دەف لێدەرەکان لە ناوەڕاستیان.
- 26
- لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،
 ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
- 27
- ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،
 کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،
 سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.
- 28
- ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،
 ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
- 29
- لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،
 پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
- 30
- سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،
 ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،[d]
 تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.
 ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
- 31
- باڵوێز لە میسرەوە دێن،
 کوش[e] دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.
- 32
- ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
 مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
- 33
- بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
 ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
- 34
- با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
 ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
 ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
- 35
- خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
 خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.
 ستایش بۆ خودا!
- a. 68:7 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 19 و 32، وشەی \+tl سەلاە\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- b. 68:11 بەر لە دەستپێکردنی جەنگ خودا فەرمانی سەرکەوتنی دا.
- c. 68:14 کێوێکی دارستاناوییە لە نزیک شەخەم. بڕوانە ڕابەران 9:48،49.
- d. 68:30 مەبەستی لە فیرعەون و سوپای نەتەوەکانی دیکەیە.
- e. 68:31 وڵاتێکە لە سەرووی ڕووباری نیل.

