عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - هۆنراوەیەکی ئاساف.
- 1
- ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟
 بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
- 2
- کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە،
 هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە،
 ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
- 3
- هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی،
 هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.
- 4
- ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان،
 ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
- 5
- لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە،
 لەسەر داری دارستانەکان.
- 6
- بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند،
 هەموو نەخشێنراوەکان.
- 7
- ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا،
 ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
- 8
- لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!»
 هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.
- 9
- پەرجووەکانمان[a]  نابینین و
 هیچ پێغەمبەرێک نەماوە،
 کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
- 10
- ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟
 ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
- 11
- بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟
 دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!
- 12
- بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی،
 دروستکەری ڕزگاریت لە ناوەڕاستی زەوی.
- 13
- تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد،
 سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
- 14
- تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت[b]  وردوخاش کرد،
 کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
- 15
- تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە،
 تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
- 16
- ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە،
 تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
- 17
- هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون،
 تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.
- 18
- ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد،
 گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
- 19
- گیانی کۆترەکەت[c]  مەکە نێچیری دڕندەکان،
 هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
- 20
- پەیمانی خۆت لەبیر بێت،
 چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
- 21
- ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە.
 با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
- 22
- ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە!
 لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
- 23
- قسەی دژەکانت لەبیر مەکە،
 ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.
- a. 74:9 پەرجوو: موعجیزە.
- b. 74:14 جۆرە ئەژدیهایەکە، بڕوانە ئەیوب 41:1.
- c. 74:19 مەبەستی لە گەلی ئیسرائیلە، بڕوانە هۆشەع 7:11.

