عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.
 - 1
 - ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a] ، بدرەوشێوە - 2
 - لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە. - 3
 - ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. - 4
 - ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟ - 5
 - تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون. - 6
 - دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن. - 7
 - ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. - 8
 - دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت. - 9
 - خاکت بۆ ئامادە کرد،
ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد. - 10
 - سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
چڵەکانی ئورزە گەورەکان. - 11
 - لقی هەتا دەریا[b]  هاویشت،
پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c] . - 12
 - بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟ - 13
 - بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن. - 14
 - ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
ئەم دار مێوە بەسەربکەوە، - 15
 - ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە. - 16
 - سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت. - 17
 - با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە. - 18
 - ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین. - 19
 - ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. 
- a. 80:1 لە سەردەمی پەیمانی کۆن خودا لە شوێنی هەرەپیرۆزی پەرستگا ئامادە دەبوو، بە تایبەت سندوقی پەیمان و نێوان کەڕوبەکان وەک تەختی خودا بوون.
 - b. 80:11 دەریای سپی ناوەڕاست.
 - c. 80:11 مەبەستی ڕووباری فوراتە.
 

