عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود. 
1
ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
2
بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم،
ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.
3
کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن،
لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن،
4
چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم،
دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
5
تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە،
هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
6
دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە،
شارەکانیانت وێران کردووە،
تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت.
7
بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت،
تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
8
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
9
یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە،
قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
10
ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان[a] پشتت پێ دەبەستن،
چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.
11
گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن[b] نیشتەجێیە،
لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن،
12
چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە،
هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.
13
ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم!
لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە[c] ،
14
تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ[d] بە ستایشی تۆوە بدوێم،
هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.
15
نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو،
پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
16
یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە،
بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.[e]
17
بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن،
هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
18
بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن،
ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.
19
ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت،
با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
20
ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە،
با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.
  1. a. 9‏:10 بە واتای ناسینی خودا و کەسایەتییەکەی.‏
  2. b. 9‏:11 ناوێکی ئەدەبییە بۆ شاری ئۆرشەلیم.‏
  3. c. 9‏:13 عیبری: بەرزم بکەرەوە، بە واتای پارێزگار و فریاکەوتن.‏
  4. d. 9‏:14 مەبەست لە شاری سییۆنە، ئۆرشەلیم.‏
  5. e. 9‏:16 لە دەقی عیبری لێرە وشەی \+tl هیگایۆن‏\+tl* و \+tl سەلاه‏\+tl* هەیە و لە کۆتایی ئایەتی 20 وشەی \+tl سەلاه‏\+tl* هەیە، کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏