عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێک
- 1
- گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
 چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
 دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی،
 سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
- 2
- یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
 ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
- 3
- خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
 بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
 هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
 ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
- 4
- ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
 بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
- 5
- بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن،
 بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
- 6
- بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
 هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
- 7
- با دەریا و هەرچی تێیدایە،
 با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
- 8
- با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
 هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،
- 9
- لەبەردەم یەزدان،
 چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
 بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
 گەلانیش بە دادپەروەری.

