عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشماوەیەک بە نیعمەت هەڵبژێردراون 
1
لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین.
2
خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە:
3
﴿ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.﴾[a]
4
بەڵام خودا چۆن وەڵامی دایەوە؟ ﴿حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.﴾[b]
5
لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون.
6
بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە.
7
کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون،
8
وەک نووسراوە:
﴿خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ،
چاوی داونەتێ پێی نەبینن و
گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.﴾[c]
9
داودیش دەڵێت:
﴿با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە،
کۆسپ و سزا بۆیان.
10
با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.﴾[d]
ڕزگاربوونی ناجولەکەکان 
11
دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل.
12
جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ دەبێت گەڕانەوەیان بە تەواوەتی چ دەوڵەمەندییەک لەگەڵ خۆی بهێنێت؟
13
ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان،
14
تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم،
15
چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟
16
ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەموو هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش.
17
بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت،
18
شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت.
19
ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.»
20
ڕاستە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە،
21
چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.
22
لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە.
23
ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە.
24
ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.
بەزەیی خودا بۆ هەمووانە 
25
ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە.
26
بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە:
﴿ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت،
خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە.
27
ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان
کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.﴾[e]
28
بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن[f] ، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن،
29
چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە.
30
هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن،
31
ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون.
32
خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.
33
ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا!
حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و
ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.
34
﴿کێ بیری یەزدانی زانی؟
یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟﴾[g]
35
﴿کێ شتێکی پێ بەخشیوە
تاکو پێی بدرێتەوە؟﴾[h]
36
چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە.
هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.
  1. a. 11‏:3 یەکەم پاشایان 19‏:10‏،14‏‏.‏
  2. b. 11‏:4 یەکەم پاشایان 19‏:18.‏‏
  3. c. 11‏:8 دواوتار 29‏:4، ئیشایا 29‏:10.‏‏
  4. d. 11‏:10 زەبوورەکان 69‏:22‏،23‏‏.‏
  5. e. 11‏:27 ئیشایا 59‏:20‏،21 و 27‏:9 و یەرمیا 31‏:33‏،34‏‏.‏
  6. f. 11‏:28 دوژمنی خودان.‏
  7. g. 11‏:34 ئیشایا 40‏:13.‏‏
  8. h. 11‏:35 ئەیوب 41‏:11.‏‏