عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونەی ئیبراهیم 
1
ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیم کە بە جەستە باوکمانە، چی بۆ دەرکەوت؟
2
ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا.
3
ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾[a]
4
ئەو کەسەی کار دەکات‏، کرێیەکەی بە دیاریی دانانرێت، بەڵکو مافی خۆیەتی.
5
بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت.
6
داود لە خۆزگەخواستن بەو کەسەی کە خودا بەبێ کردار ڕاستودروستیی بۆ دادەنێت، هەمان شت دەڵێت:
7
﴿خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،
گوناهەکانیان داپۆشراون.
8
خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.﴾[b]
9
ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنەنەکراوانیشە؟ ئێمە دەڵێین باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا.
10
کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن!
11
ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت.
12
هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.
13
جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو کە ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەوە بوو کە لە ڕێگەی باوەڕەوە[c] بوو،
14
چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ،
15
چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە.
16
بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە هەمان باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە،
17
وەکو نووسراوە: ﴿من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.﴾[d] ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.
18
هەرچەندە هیچ هیوا و ئومێدێک بەدی نەدەکرا، بەڵام ئیبراهیم ئومێدەوار بوو و باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: ﴿نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.﴾[e]
19
باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە.
20
بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد،
21
دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر.
22
لەبەر ئەمە ﴿بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.﴾[f]
23
ئەوەی نووسراوە: ﴿بۆی دانرا﴾ تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو،
24
بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
25
ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.
  1. a. 4‏:3 پەیدابوون 15‏:6.‏‏
  2. b. 4‏:8 زەبوورەکان 32‏:1‏-2.‏‏
  3. c. 4‏:13 مەبەستی ئەم ڕاستودروستییەی کە لەسەر بناغەی باوەڕ دراوە.‏
  4. d. 4‏:17 پەیدابوون 17‏:5‏‏
  5. e. 4‏:18 پەیدابوون 15‏:5.‏‏
  6. f. 4‏:22 پەیدابوون 15‏:6‏‏