عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دڵدار
 - 1
 - ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە.
قژت وەک مێگەلە بزنە
کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە. - 2
 - ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن،
کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
هیچیان بە تەنها نین. - 3
 - لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە،
دەمت شیرینە،
گۆنات وەک لەتە هەنارە
لە پشت پەچەکەتەوە. - 4
 - گەردنت وەک قوللەی داودە
بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە،
هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە،
هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە. - 5
 - جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
وەک جووتێک مامزن،
کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن. - 6
 - بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
دەچمە چیای موڕ و
گردی بخوور. - 7
 - ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە،
هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە. - 8
 - بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە،
لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە.
لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە،
لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە،
لە لانەی شێرانەوە،
لە چیای پڵنگانەوە. - 9
 - ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە،
بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم،
بە موورووێکی ملوانکەکەت. - 10
 - ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم،
ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە،
بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک. - 11
 - لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ،
شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە!
بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە. - 12
 - باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم،
سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە! - 13
 - نەمامەکانت باخی هەنارن
لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە،
خەنە و ناردین، - 14
 - ناردین و کارکۆم[a] ،
قامیشی بۆنخۆش و دارچین،
لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک،
موڕ و ئەلوا[b]
لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان. - 15
 - تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت،
بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی،
لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ. - ئەویندار
 - 16
 - هەستە، ئەی بای باکوور،
وەرە، ئەی بای باشوور!
بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن،
با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە،
بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی،
با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات. 
- a. 4:14 ئەو گوڵەیە کە ڕەگەکەی زەردەچەوەی لێ دروستدەکرێت.
 - b. 4:14 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.
 

