عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دڵدار 
1
ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە.
قژت وەک مێگەلە بزنە
کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
2
ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن،
کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
هیچیان بە تەنها نین.
3
لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە،
دەمت شیرینە،
گۆنات وەک لەتە هەنارە
لە پشت پەچەکەتەوە.
4
گەردنت وەک قوللەی داودە
بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە،
هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە،
هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.
5
جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
وەک جووتێک مامزن،
کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.
6
بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
دەچمە چیای موڕ و
گردی بخوور.
7
ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە،
هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.
8
بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە،
لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە.
لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە،
لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە،
لە لانەی شێرانەوە،
لە چیای پڵنگانەوە.
9
ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە،
بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم،
بە موورووێکی ملوانکەکەت.
10
ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم،
ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە،
بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.
11
لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ،
شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە!
بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.
12
باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم،
سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!
13
نەمامەکانت باخی هەنارن
لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە،
خەنە و ناردین،
14
ناردین و کارکۆم[a] ،
قامیشی بۆنخۆش و دارچین،
لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک،
موڕ و ئەلوا[b]
لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.
15
تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت،
بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی،
لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ.
ئەویندار 
16
هەستە، ئەی بای باکوور،
وەرە، ئەی بای باشوور!
بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن،
با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە،
بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی،
با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.
  1. a. 4‏:14 ئەو گوڵەیە کە ڕەگەکەی زەردەچەوەی لێ دروستدەکرێت.‏
  2. b. 4‏:14 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏