عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سزای دوژمنانی ئیسرائیل 
1
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش[a] لە دژی خاکی حەدراخ و
لە دیمەشق دەمێنێتەوە،
چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل
چاویان لە یەزدانە.
2
هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری،
لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.
3
سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا،
زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە،
زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.
4
بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و
لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات،
هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.
5
ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت،
غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت،
عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین.
غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات،
ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.
6
خەڵکی زۆڵ[b] ئەشدۆد داگیر دەکەن،
لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.
7
گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و
خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان.
ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و
وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و
عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.
8
بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم،
بۆ پارێزگاریکردن لە لەشکری تاڵانکەر.
ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان،
چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.
هاتنی پاشای سییۆن 
9
ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە!
ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە!
ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دادپەروەرە و ڕزگارکەرە،
بێفیزە و سواری ماکەرێک و
جاشی ماکەرێک بووە.
10
گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و
ئەسپیش لە ئۆرشەلیم،
کەوانی جەنگ دەشکێنرێت.
ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت،
فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و
لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
11
هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ،
دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.
12
ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان،
ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.
13
من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە،
ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم،
ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە،
لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان،
تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.
دەرکەوتنی یەزدان 
14
ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت،
تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە.
یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات،
بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،
15
یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت.
بە بەردی قۆچەقانی[c] دوژمن تێکدەشکێنن،
دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت،
وەک تاسی خوێنپرژێن[d] پڕ دەبن،
کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.
16
لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگار گەلی خۆی ڕزگار دەکات،
هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت.
لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە
وەک بەردی گرانبەهای تاج.
17
چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبن!
دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و
شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.
  1. a. 9‏:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏
  2. b. 9‏:6 بیژی‏
  3. c. 9‏:15 بەردەقانی‏
  4. d. 9‏:15 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏‏.‏