عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - لەشکرەکان
- 1
- ئەمە لیستی پلەدارەکانی نەوەی ئیسرائیلە، کە گەورەی بنەماڵەکان و فەرماندەی هەزاران و سەدان بوون، لەگەڵ ئەفسەرەکانیان کە لە هەموو کاروباری لەشکرەکانیان خزمەتی پاشایان دەکرد. ئەمانە بە نۆبە دەهاتنە سەربازی و دەڕۆیشتنەوە، بە درێژایی ساڵ، مانگ بە مانگ، هەر لەشکرێکیش بریتی بوو لە بیست و چوار هەزار پیاو.
- 2
- یاشۆڤەعامی کوڕی زەبدیێل فەرماندەی لەشکری یەک بوو بۆ مانگی یەک، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو،
- 3
- لە نەوەی پێرێز بوو، فەرماندەی هەموو ئەفسەرەکانی لەشکری مانگی یەک[a]  بوو.
- 4
- دۆدایی ئەحۆحیش فەرماندەی لەشکری مانگی دوو بوو، لە لەشکرەکەی ئەودا میقلۆت سەرکردە بوو، لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 5
- بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین فەرماندەی لەشکری مانگی سێ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 6
- ئەمە ئەو بەنایایە کە پاڵەوان بوو لەنێو سییەکە و سەرکردەیان بوو، عەمیزاڤادی کوڕیشی فەرماندەی ئەفسەرەکانی ناو لەشکرەکەی بوو.
- 7
- عەساهێلی برای یۆئاب فەرماندەی لەشکری مانگی چوار بوو، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، پاشان زەڤەدیای کوڕی جێگەی گرتەوە.
- 8
- شەمهوتی یزراحی فەرماندەی لەشکری مانگی پێنج بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پێکهاتبوو.
- 9
- عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی فەرماندەی لەشکری مانگی شەش بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 10
- حەلەچی پەلۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی حەوت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 11
- سیبەخەیی حوشاتی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی هەشت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 12
- ئەبیعەزەری عەناتۆتی لە نەوەی بنیامین فەرماندەی لەشکری مانگی نۆ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 13
- مەهەرەیی نەتۆفایی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی دە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 14
- بەنایای پیرعاتۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی یازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- 15
- حەلدەیی نەتۆفایی لە نەوەی عۆسنیێل فەرماندەی لەشکری مانگی دوازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
- سەرۆکی هۆزەکان
- 16
- ئەمانە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل بوون:
 بۆ هۆزی ڕەئوبێنییەکان: ئەلیعەزەری کوڕی زکری؛
 بۆ شیمۆنییەکان: شەفەتیای کوڕی مەعکا؛
- 17
- بۆ لێڤییەکان: حەشەڤیای کوڕی قەموئێل؛
 بۆ هارون: سادۆق؛
- 18
- بۆ یەهودا: ئەلیهو کە یەکێک لە براکانی داود بوو؛
 بۆ یەساخار: عۆمری کوڕی میکائیل؛
- 19
- بۆ زەبولون: یەشمەعیای کوڕی عۆبەدیا؛
 بۆ نەفتالی: یەریمۆتی کوڕی عەزریێل؛
- 20
- بۆ نەوەی ئەفرایم: هۆشێیەعی کوڕی عەزەزیاهو؛
 بۆ نیوەی هۆزی مەنەشە: یۆئێلی کوڕی پەدایا؛
- 21
- بۆ نیوەکەی دیکەی هۆزی مەنەشە لە گلعاد: ییدۆی کوڕی زەکەریا؛
 بۆ بنیامین: یەعسیێلی کوڕی ئەبنێر؛
- 22
- بۆ دان: عەزەرئێلی کوڕی یەرۆحام.
 ئەمانە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل بوون.
- 23
- داودیش ژمارەی ئەوانەی وەرنەگرت کە گەنجی بیست ساڵ و کەمتر بوون، چونکە یەزدان بەڵێنی دابوو کە ئیسرائیل وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر دەکات.
- 24
- یۆئابی کوڕی چەرویاش دەستی بە سەرژمێرییەکە کرد، بەڵام تەواوی نەکرد، چونکە ئەم سەرژمێرییە تووڕەیی خودای هێنایە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئاماری سەرژمێرییەکەش لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی داود پاشادا تۆمار نەکرا.
- لێپرسراوانی ماڵوموڵکەکانی پاشا
- 25
- عەزماڤێتی کوڕی عەدیێل لێپرسراوی گەنجینەکانی پاشا بوو.
 یۆناتانی کوڕی عوزیا لێپرسراوی ئەو ئەمبارانە بوو کە لە کێڵگە و شارۆچکە و گوند و لەناو قوللەکانی چاودێری بوون.
- 26
- عەزری کوڕی کەلووڤیش لێپرسراوی وەرزێرەکانی کێڵگە بوو، ئەوانەی زەوییان دەکێڵا.
- 27
- شیمعی ڕاماتی لێپرسراوی ڕەزەمێوەکان بوو.
 زەبدی شیفەمی لێپرسراوی بەروبوومەکانی ڕەز بوو بۆ ئەمبارەکانی شەراب.
- 28
- بەعلحانانی گەدەری لێپرسراوی دار زەیتوون و دار هەنجیرەکانی کە لە زوورگەکانی[b]  یەهودا بوو.
 یۆعاشی بەرپرسیاری ئەمبارەکانی زەیت بوو.
- 29
- شیترەیی شارۆنی لێپرسراوی ئەو مانگایانە بوو کە لە دەشتاییەکانی شارۆندا دەلەوەڕان.
 شافاتی کوڕی عەدلای لێپرسراوی مانگاکانی ناو دۆڵەکان بوو.
- 30
- ئۆبیلی ئیسماعیلی لێپرسراوی وشترەکان بوو.
 یەحدەیاهوی مێرۆنۆتی لێپرسراوی گوێدرێژەکان بوو.
- 31
- یازیزی هاجەری لێپرسراوی مەڕەکان بوو.
 هەموو ئەمانە لێپرسراوی ماڵوموڵکەکانی داودی پاشا بوون.
- 32
- یۆناتانی مامی داودیش ڕاوێژکار بوو، پیاوێکی تێگەیشتوو و سەرقەڵەم بوو،
 یەحیێلی کوڕی حەکمۆنیش چاودێری کوڕەکانی پاشا بوو.
- 33
- ئەحیتۆفەل ڕاوێژکاری پاشا بوو.
 حوشەی ئەرکیش هاوڕێی پاشا بوو.
- 34
- لەپاش ئەحیتۆفەلیش یەهۆیاداعی کوڕی بەنایا بوو بە ڕاوێژکار، دوای ئەمیش ئەبیاتار جێگەی گرتەوە.
 یۆئابیش سەرکردەی سوپاکەی پاشا بوو.
- a. 27:3 سەربازەکانی لەشکر بۆ ماوەی یەک مانگ لە ساڵێک لە ئەرکدا بوون و دوای ئەوە دەگەڕانەوە سەر کاری ئاسایی خۆیان.
- b. 27:28 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.

