عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - موسا داوای بەرەکەت دەکات بۆ هۆزەکان
- 1
- ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل[a] داوای کرد، بەر لە مردنی،
- 2
- گوتی:
 «یەزدان لە سیناوە هات و
 لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،
 لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و
 هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،
 لە بنارەکانی باشوورەوە.
- 3
- بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت،
 هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان،
 ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،
 ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
- 4
- موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،
 میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
- 5
- لەنێو یەشوروون[b]  بوو بە پاشا،
 بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،
 هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.
- 6
- «با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،
 با پیاوەکانی کەم نەبن.»
- 7
- سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:
 «ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و
 بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،
 دەستەکانی بەسە بۆی،
 ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»
- 8
- سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:
 «تومیم و ئوریمی[c] تۆ
 بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،
 ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و
 لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
- 9
- ئەوەی[d]  سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،
 ”ڕەچاوم نەکردوون،“
 دانی بە براکانیشیدا نەنا و
 منداڵەکانیشی نەناسی،
 بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و
 پەیمانەکەی تۆی پاراست.
- 10
- نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و
 نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،
 بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و
 قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
- 11
- ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و
 بە کرداری دەستی ڕازی بە،
 لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،
 هەتا هەڵنەستنەوە.»
- 12
- سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:
 «ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،
 بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و
 یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»
- 13
- سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:
 «با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت
 بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،
 بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
- 14
- بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و
 بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
- 15
- بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،
 بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
- 16
- بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،
 لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە[e] ،
 با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
 بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.[f]
- 17
- نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،
 قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،
 بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،
 پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،
 ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و
 هەزارانی مەنەشەن.»
- 18
- سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:
 «ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و
 تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
- 19
- گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،
 لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،
 هەتا لە پڕی دەریا بمژن و
 لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»
- 20
- سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:
 «بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!
 وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،
 قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
- 21
- باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،
 بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،
 کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،
 دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و
 حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»
- 22
- سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:
 «دان بەچکە شێرە،
 لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»
- 23
- سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:
 «ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و
 پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،
 دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»
- 24
- سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:
 «با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،
 با لەلای براکانی پەسەند بێت،
 با پێی بکاتە ناو زەیت،
- 25
- دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،
 بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»
- 26
- «خودای یەشوروون هاوتای نییە،
 سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،
 هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
- 27
- خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و
 باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.
 دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و
 فەرمووی: ”لەناو ببە!“
- 28
- جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
 جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،
 لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،
 ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
- 29
- ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،
 کێ وەک تۆیە،
 گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟
 قەڵغانی یارمەتی و
 شمشێری شکۆمەندیتە،
 جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،
 تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان[g] پێشێل دەکەیت.»
- a. 33:1 نەوەی ئیسرائیلی: لێرەدا موسا بە ناوی وەچەکانی یاقوبەوە داوای بەرەکەت بۆ نەوەکانی ئەم هۆزانە دەکات، کە ئەم وەچانە نزیکەی 400 ساڵ لەمەوپێش لە خاکی میسردا مردبوون. بڕوانە پەیدابوون 15:13 و دەرچوون 1:1-7 و کردار 7:6.
- b. 33:5 ناوی (یەشوروون) واتا (ئەو کەسەی کە سەرڕاستە)، لێرە مەبەست لە نەوەی ئیسرائیلە.
- c. 33:8 تومیم و ئوریم: دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە دەرچوون 28:30 و یەکەم ساموئێل 23:9-12.
- d. 33:9 مەبەست لە هۆزی لێڤییە.
- e. 33:16 مەبەستی لە دەرکەوتنی خودایە بۆ موسا لەناو دەوەنەکە، بڕوانە دەرچوون 3:1-6.
- f. 33:16 بڕوانە پەیدابوون 37:11-15؛ 44:14.
- g. 33:29 مەبەست لەو شوێنە بەرزانەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی بتەکان بووە، بڕوانە سەرژمێری 33:52.

