عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
موسا داوای بەرەکەت دەکات بۆ هۆزەکان 
1
ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل[a] داوای کرد، بەر لە مردنی،
2
گوتی:
«یەزدان لە سیناوە هات و
لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،
لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و
هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،
لە بنارەکانی باشوورەوە.
3
بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت،
هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان،
ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،
ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
4
موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،
میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
5
لەنێو یەشوروون[b] بوو بە پاشا،
بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،
هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.
6
«با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،
با پیاوەکانی کەم نەبن.»
7
سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:
«ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و
بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،
دەستەکانی بەسە بۆی،
ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»
8
سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:
«تومیم و ئوریمی[c] تۆ
بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،
ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و
لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
9
ئەوەی[d] سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،
”ڕەچاوم نەکردوون،“
دانی بە براکانیشیدا نەنا و
منداڵەکانیشی نەناسی،
بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و
پەیمانەکەی تۆی پاراست.
10
نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و
نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،
بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و
قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
11
ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و
بە کرداری دەستی ڕازی بە،
لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،
هەتا هەڵنەستنەوە.»
12
سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:
«ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،
بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و
یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»
13
سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:
«با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت
بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،
بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
14
بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و
بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
15
بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،
بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
16
بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،
لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە[e] ،
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.[f]
17
نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،
قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،
بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،
پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،
ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و
هەزارانی مەنەشەن.»
18
سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:
«ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و
تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
19
گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،
لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،
هەتا لە پڕی دەریا بمژن و
لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»
20
سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:
«بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!
وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،
قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
21
باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،
بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،
کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،
دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و
حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»
22
سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:
«دان بەچکە شێرە،
لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»
23
سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:
«ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و
پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،
دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»
24
سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:
«با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،
با لەلای براکانی پەسەند بێت،
با پێی بکاتە ناو زەیت،
25
دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،
بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»
26
«خودای یەشوروون هاوتای نییە،
سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،
هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
27
خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و
باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.
دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و
فەرمووی: ”لەناو ببە!“
28
جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،
لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،
ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
29
ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،
کێ وەک تۆیە،
گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟
قەڵغانی یارمەتی و
شمشێری شکۆمەندیتە،
جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،
تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان[g] پێشێل دەکەیت.»
  1. a. 33‏:1 نەوەی ئیسرائیلی: لێرەدا موسا بە ناوی وەچەکانی یاقوبەوە داوای بەرەکەت بۆ نەوەکانی ئەم هۆزانە دەکات، کە ئەم وەچانە نزیکەی 400 ساڵ لەمەوپێش لە خاکی میسردا مردبوون. بڕوانە پەیدابوون 15‏:13 و دەرچوون 1‏:1‏-7 و کردار 7‏:6.‏‏
  2. b. 33‏:5 ناوی (یەشوروون) واتا (ئەو کەسەی کە سەرڕاستە)، لێرە مەبەست لە نەوەی ئیسرائیلە.‏
  3. c. 33‏:8 تومیم و ئوریم: دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە دەرچوون 28‏:30 و یەکەم ساموئێل 23‏:9‏-12.‏‏
  4. d. 33‏:9 مەبەست لە هۆزی لێڤییە.‏
  5. e. 33‏:16 مەبەستی لە دەرکەوتنی خودایە بۆ موسا لەناو دەوەنەکە، بڕوانە دەرچوون 3‏:1‏-6.‏‏
  6. f. 33‏:16 بڕوانە پەیدابوون 37‏:11‏-15؛ 44‏:14.‏‏
  7. g. 33‏:29 مەبەست لەو شوێنە بەرزانەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی بتەکان بووە، بڕوانە سەرژمێری 33‏:52‏‏.‏