عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نموونەی مەنجەڵ
- 1
- لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا.
- 3
- پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
 دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
- 4
- پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
 هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
 پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
- 5
- باشترین مەڕی مێگەل ببە و
 دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
 بە تەواوی بیکوڵێنە،
 با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
- 6
- «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
 ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
 ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
 پارچەپارچە دەریبهێنن،
 تیروپشکی لەسەر مەکەن.
- 7
- «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە،
 چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
 نەیڕشتە سەر زەوی،
 تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
- 8
- بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
 خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
 تاکو دانەپۆشرێت.
- 9
- «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
 هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
- 10
- دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
 گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
 بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
 لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
- 11
- دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
 با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
 جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
 ژەنگەکەی نامێنێت.
- 12
- ڕەنجیان بە خەسار چوو،
 ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
 تەنانەت بە ئاگریش.
- 13
- «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
- 14
- «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
- مردنی ژنی حزقیێل
- 15
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 16
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە.
- 17
- بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
- 18
- بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
- 19
- ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
- 20
- منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 21
- لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن.
- 22
- من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن.
- 23
- مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە.
- 24
- حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
- 25
- «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە،
- 26
- هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک.
- 27
- لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
- a. 24:1 بەپێی ساڵنامەی یەهودا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە پێنجی مانگی یەک ساڵی 587ی پێش زایین. بڕوانە دووەم پاشایان 25:1.

