عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و
سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری،
چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و
بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم. - وەڵامی یەزدان
 - 2
 - ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی:
«سروشەکە[a] بنووسەوە و
لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە،
تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت، - 3
 - چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە،
باسی کۆتایی دەکات و
درۆ ناکات.
ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە،
چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت. - 4
 - «تەماشا، دوژمن[b]  خۆی گف کردووەتەوە،
ئارەزووەکانی ڕەوا نییە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت. - 5
 - لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات،
لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە،
چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە،
وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت،
هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و
هەموو گەلان بە دیل دەگرێت. - 6
 - «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن:
«”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و
بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات!
ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“ - 7
 - ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟
ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟
ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان. - 8
 - لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد،
ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن،
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد. - 9
 - «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و
هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت،
تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت! - 10
 - پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا،
شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند. - 11
 - لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و
کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە. - 12
 - «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و
بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت. - 13
 - ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە
کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت،
شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟ - 14
 - چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان،
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت. - 15
 - «قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات،
هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات،
تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت. - 16
 - تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی.
ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە،
جامی دەستی ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ،
شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت. - 17
 - ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە،
لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت.
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد. - 18
 - «ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟
یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟
چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت،
بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات. - 19
 - قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“
بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“
ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟
بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە،
ڕۆحی تێدا نییە.» - 20
 - بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە،
با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن. 
- a. 2:2 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
 - b. 2:4 مەبەستی لە بابلییەکانە بڕوانە 1:13،15.
 

