عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و
سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری،
چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و
بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.
وەڵامی یەزدان 
2
ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی:
«سروشەکە[a] بنووسەوە و
لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە،
تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت،
3
چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە،
باسی کۆتایی دەکات و
درۆ ناکات.
ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە،
چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.
4
«تەماشا، دوژمن[b] خۆی گف کردووەتەوە،
ئارەزووەکانی ڕەوا نییە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.
5
لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات،
لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە،
چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە،
وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت،
هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و
هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.
6
«ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن:
«”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و
بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات!
ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“
7
ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟
ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟
ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.
8
لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد،
ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن،
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
9
«قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و
هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت،
تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!
10
پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا،
شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.
11
لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و
کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.
12
«قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و
بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.
13
ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە
کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت،
شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟
14
چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان،
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
15
«قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات،
هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات،
تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.
16
تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی.
ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە،
جامی دەستی ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ،
شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.
17
ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە،
لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت.
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
18
«ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟
یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟
چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت،
بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.
19
قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“
بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“
ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟
بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە،
ڕۆحی تێدا نییە.»
20
بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە،
با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.
  1. a. 2‏:2 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏
  2. b. 2‏:4 مەبەستی لە بابلییەکانە بڕوانە 1‏:13‏،15.‏