عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سروشێک سەبارەت بە بابل
- 1
- سروشێک[a] سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:
- 2
- لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن،
 دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە،
 دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە
 بۆ ناو دەرگای میران.
- 3
- من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد،
 هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم،
 ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.
- 4
- گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت،
 وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر!
 گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت،
 وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە!
 یەزدانی سوپاسالار
 سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!
- 5
- لە خاکێکی دوورەوە دێن،
 لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن،
 یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی،
 بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.
- 6
- واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان[b]  نزیک بووەتەوە،
 وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت.
- 7
- لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن،
 هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.
- 8
- ڕادەچڵەکێن،
 ئازار و ژان دەیانگرێت،
 وەک منداڵبوو دەتلێنەوە.
 پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی،
 ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.
- 9
- ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت،
 سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە،
 بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و
 گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.
- 10
- ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی
 ڕووناکییان دەرناخەن،
 خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت،
 مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
- 11
- سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی،
 بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان،
 کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و
 سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
- 12
- مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و
 ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.
- 13
- لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و
 زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت،
 لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و
 لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.
- 14
- وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و
 وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە،
 هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و
 هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.
- 15
- ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و
 ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.
- 16
- منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و
 ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.
- 17
- ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم،
 ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و
 کەیفیان بە زێڕ نایەت.
- 18
- کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن،
 بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە،
 دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.
- 19
- بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و
 جوانی شانازی بابلییەکان
 وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت،
 کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.
- 20
- هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و
 نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت،
 عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات،
 شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.
- 21
- بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن،
 چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛
 کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت،
 تەگە لەوێ سەما دەکەن.
- 22
- کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت،
 چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی.
 کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن،
 ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.
- a. 13:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- b. 13:6 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.

