عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گۆرانییەک بۆ ستایش
 - 1
 - لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری. - 2
 - دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە. - 3
 - تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە. - 4
 - هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە. - 5
 - ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،
شاری بەرزیش نەوی دەکات،
دەیدات بە زەویدا،
تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ. - 6
 - پێی هەژار و هەنگاوی نەدار
پێشێلی دەکات. - 7
 - ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە،
ئەی خودای ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت. - 8
 - ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت
چاوەڕێی تۆ دەکەین؛
ناوەکەت و یادکردنەوەت
ئارەزووی گیانمانە. - 9
 - گیانم بە شەو ئارەزووت دەکات،
هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت،
چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین،
دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن. - 10
 - بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت،
فێری ڕاستودروستی نابێت،
لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات،
شکۆی یەزدان نابینێت. - 11
 - ئەی یەزدان تۆ باڵا دەستیت،
بەڵام ئەوان نایبینن.
با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن،
با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات. - 12
 - ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ،
چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە. - 13
 - ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
گەورەکانی دیکە جگە لە تۆ، بوون بە گەورەمان،
بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین. - 14
 - ئەوان مردوون، زیندوو نابنەوە!
تارمایین، هەڵناستنەوە،
لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن،
هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد. - 15
 - ئەی یەزدان، نەتەوەت زیاد کرد،
نەتەوەت زیاد کرد و
شکۆمەند بوویت،
هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد. - 16
 - ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت،
کاتێک تەمبێت کردن،
بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت. - 17
 - وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە
لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت،
ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان. - 18
 - سکپڕ بووین تلاینەوە
وەک ئەوەی بامان بووبێت.
لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و
کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو. - 19
 - مردووەکانت زیندوو دەبنەوە،
لاشەکان هەڵدەستنەوە.
هەستن و گۆرانی بڵێن
ئەی دانیشتووانی خۆڵ،
چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە،
زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت. - 20
 - گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و
دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە،
بۆ ساتێک خۆت بشارەوە
هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت. - 21
 - ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە
هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری.
زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات،
لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە. 

