عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانییەک بۆ ستایش 
1
لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری.
2
دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
3
تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
4
هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
5
ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،
شاری بەرزیش نەوی دەکات،
دەیدات بە زەویدا،
تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
6
پێی هەژار و هەنگاوی نەدار
پێشێلی دەکات.
7
ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە،
ئەی خودای ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.
8
ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت
چاوەڕێی تۆ دەکەین؛
ناوەکەت و یادکردنەوەت
ئارەزووی گیانمانە.
9
گیانم بە شەو ئارەزووت دەکات،
هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت،
چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین،
دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.
10
بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت،
فێری ڕاستودروستی نابێت،
لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات،
شکۆی یەزدان نابینێت.
11
ئەی یەزدان تۆ باڵا دەستیت،
بەڵام ئەوان نایبینن.
با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن،
با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.
12
ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ،
چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.
13
ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
گەورەکانی دیکە جگە لە تۆ، بوون بە گەورەمان،
بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.
14
ئەوان مردوون، زیندوو نابنەوە!
تارمایین، هەڵناستنەوە،
لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن،
هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
15
ئەی یەزدان، نەتەوەت زیاد کرد،
نەتەوەت زیاد کرد و
شکۆمەند بوویت،
هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.
16
ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت،
کاتێک تەمبێت کردن،
بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.
17
وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە
لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت،
ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.
18
سکپڕ بووین تلاینەوە
وەک ئەوەی بامان بووبێت.
لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و
کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.
19
مردووەکانت زیندوو دەبنەوە،
لاشەکان هەڵدەستنەوە.
هەستن و گۆرانی بڵێن
ئەی دانیشتووانی خۆڵ،
چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە،
زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.
20
گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و
دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە،
بۆ ساتێک خۆت بشارەوە
هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.
21
ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە
هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری.
زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات،
لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.