عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و
 هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟
- 2
- بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد،
 وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد.
 نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی تاوەکو سەرنجمان بۆی بچێت،
 نە دیمەن تاوەکو ئارەزووی بکەین.
- 3
- ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە،
 پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی.
 وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە،
 ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی.
- 4
- بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت،
 ئازارەکانی ئێمەی برد،
 ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە،
 لێی دراوە و زەلیلە.
- 5
- بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو،
 لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا.
 ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت،
 بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە.
- 6
- هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین،
 هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە،
 بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی
 خستە سەر ئەو.
- 7
- زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد،
 بەڵام دەمی نەکردەوە.
 ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا،
 وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە،
 ئەو دەمی نەکردەوە.
- 8
- بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا.
 بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟
 چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا،
 لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا.
- 9
- گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا،
 دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا،
 هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و
 فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.
- 10
- بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت،
 لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانیی تاوان،
 نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت،
 خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت.
- 11
- لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت،
 ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت،
 بەندە ڕاستودروستەکەم بە ئەزموونی خۆی زۆر کەس بێتاوان دەکات و
 ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت.
- 12
- لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم،
 لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات،
 چونکە ژیانی خۆی بەخت کرد و
 لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،
 لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و
 داکۆکی لە یاخیبووان کرد.

