عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەیامێک سەبارەت بە مۆئاب 
1
بۆ مۆئاب:
یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
«قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت،
قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت،
قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
2
شانازی مۆئاب نامێنێت،
لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا،
”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“
هەروەها تۆش ئەی مەدمێن[a] کپ دەبیت،
شمشێر دوات دەکەوێت.
3
گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت،
هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
4
مۆئاب تێکدەشکێت،
بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
5
سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت،
بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن،
لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم
هاواری شکست دەبیسترێت.
6
هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن!
ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
7
لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت،
تۆش دەگیرێیت،
کەمۆش[b] ڕاپێچ دەکرێت،
کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
8
وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت،
هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت.
دۆڵ لەناودەچێت،
دەشت وێران دەبێت،
وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
9
خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن،
چونکە دەبێتە چۆڵەوانی.[c]
شارۆچکەکانی وێران دەبن،
بەبێ ئاوەدانی دەبن.
10
«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات!
نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!
11
«مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە،
ڕاپێچیش نەکراوە،
وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە،
لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە،
لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و
بۆنیشی نەگۆڕاوە.
12
یەزدان دەفەرموێت:
لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن،
ئەوان دەیڕێژن و
دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و
گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
13
جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت،
هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون
کە پشتیان پێی بەستبوو.
14
«چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و
پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
15
مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت،
باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.»
ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
16
«لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە،
بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
17
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە،
ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن،
بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا،
شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“
18
«لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و
لەسەر زەوی وشک دابنیشە،
ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب
دێتە سەر ئێوە،
شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات.
19
ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر،
لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن.
لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن،
بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
20
مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا.
واوەیلا بکە و هاوار بکە!
لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن
کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
21
حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات،
بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
22
بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێت‌دیڤلاتایم،
23
بەسەر قیریاتەیم و بێت‌گاموول و بێت‌مەعۆن،
24
بەسەر قەریۆت و بۆزرا،
بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
25
هێزی مۆئاب بڕایەوە،
بازووی شکا.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
26
«سەرخۆشی بکەن،
چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت،
ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
27
ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟
ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا،
هەر کاتێک باست دەکرد،
سەرت دەلەقاند؟
28
ئەی دانیشتووانی مۆئاب،
شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن.
وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی
لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات.
29
«لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە،
زۆر لووتبەرزە،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و
فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
30
یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە.
کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
31
لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم،
بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم،
بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
32
ئەی مێوی سیڤما،
وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم.
لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە،
گەیشتنە دەریای یەعزێر.
تەفروتوناکەر کەوتە سەر
میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
33
خۆشی و دڵشادی داماڵران
لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب.
شەرابم لە گوشەر ڕاگرت،
بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت،
ئەگەر هاوارکردن هەبێت،
لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
34
«دەنگی هاواریان بەرزبووەوە،
لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ،
لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا،
چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
35
لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم
بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و
بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
36
«لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت،
دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت،
چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
37
هەموو سەرێک تاشراوە و
هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە،
هەموو دەستێک بریندار کراوە و
هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
38
لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و
لە هەموو شەقامەکانی
جگە لە گریان هیچی دیکە نییە،
چونکە مۆئابم شکاند،
وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
39
«چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن!
چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا!
مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و
ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»
40
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت،
بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
41
قەریۆت دەگیرێت و
قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب
وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
42
مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل،
چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
43
ئەی دانیشتووی مۆئاب،
ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
44
«ئەوەی لە ترس هەڵدێت
دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە،
ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە
بە تەڵەکەوە دەبێت،
چونکە ساڵی سزادان
بەسەر مۆئابدا دەهێنم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
45
«لە سێبەری حەشبۆن
هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون،
چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو،
گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە،
ناوچەوانی مۆئاب و
کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
46
قوڕبەسەرت مۆئاب!
خەڵکی کەمۆش لەناوچوو،
کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و
کچەکانت بە دیل بردران.
47
«بەڵام لە ئاییندەدا،
ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.
  1. a. 48‏:2 ناوی شارۆچکەیەک بوو لە خاکی مۆئاب. لە زمانی عیبری وشەی \+tl مەدمێن‏\+tl* لە ڕووی دەنگەوە لەگەڵ وشەی (کپ بە)ی عیبری نزیکە.‏
  2. b. 48‏:7 خوداوەندی هەرە گەورەی مۆئابییەکان بوو. بڕوانە سەرژمێری 21‏:29‏‏.‏
  3. c. 48‏:9 یان: باڵ بدەن بە مۆئاب، بۆ ئەوەی هەڵفڕێت.‏