عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سوپای کوللە 
1
لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.
با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،
چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
2
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.
وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،
سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،
لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،
لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.
3
لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و
لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت.
لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە،
لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە،
هیچ لێیان دەرباز نابێت.
4
دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە،
وەک سوار غار دەدەن.
5
وەک دەنگی گالیسکە
لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن،
وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت،
وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.
6
لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە،
هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
7
وەک پاڵەوان هێرش دەبەن،
وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن.
هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و
لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
8
تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و
هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات،
بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن،
بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
9
بەناو شارەکەدا غار دەدەن،
بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن،
سەردەکەونە سەر ماڵەکان،
وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.
10
لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت،
ئاسمان دەهەژێت،
خۆر و مانگ تاریک دەبن و
ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
11
یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە
لەپێش سوپاکەیەوە،
سەربازەکانی زۆر زۆرن،
ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن.
ڕۆژی یەزدان گەورەیە،
زۆر سامناکە.
کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟
دڵتان دابدڕن 
12
یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا،
بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام،
بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»
13
دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان،
بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە،
لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
14
کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە،
لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت،
بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
15
لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
16
گەل کۆبکەنەوە و
کۆمەڵ تەرخان بکەن،
پیران خڕبکەنەوە و
منداڵان کۆبکەنەوە
لەگەڵ شیرەخۆرەکان.
با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە،
بووکیش لە کوللەکەی.
17
با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان،
لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن.
با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت،
میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر،
هەتا گەلان بیانکەنە پەند.
بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»
وەڵامی یەزدان 
18
ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و
بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.
19
یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:
«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،
هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،
ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.
20
«ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،
دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،
ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە[a] و
پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە[b] ،
بۆگەنییەکەی سەرکەوت و
بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»
بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
21
ئەی زەوی مەترسە!
شاد و دڵخۆش بە،
چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
22
ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،
چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،
درەختەکان بەر دەگرن،
دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
23
ئەی نەوەی سییۆن،
شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.
پاییزە باران و بەهارە باران
هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
24
ئیتر جۆخینەکان[c] پڕ دەبن لە دانەوێڵە و
قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.
25
«قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،
پێکوڕە و وردە کوللە و
کوللەی قرتێنەر،
لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
26
ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،
ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،
ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
27
ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم،
کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و
بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
ڕۆژی یەزدان 
28
«پاش ئەمانە،
ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن،
گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
29
تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
30
پەرجوو[d] لە ئاسمان و
زەویدا نیشان دەدەم،
خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
31
خۆر دەبێتە تاریکی و
مانگیش دەبێتە خوێن،
بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.
32
بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە
ڕزگاری دەبێت،
چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی،
ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و
لە ئۆرشەلیم دەبێت،
بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە،
ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.
  1. a. 2‏:20 دەریای مردوو.‏
  2. b. 2‏:20 دەریای ناوەڕاست.‏
  3. c. 2‏:24 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  4. d. 2‏:30 پەرجوو: موعجیزە.‏