عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سوپای کوللە
 - 1
 - لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.
با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،
چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە. - 2
 - ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.
وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،
سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،
لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،
لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە. - 3
 - لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و
لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت.
لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە،
لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە،
هیچ لێیان دەرباز نابێت. - 4
 - دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە،
وەک سوار غار دەدەن. - 5
 - وەک دەنگی گالیسکە
لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن،
وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت،
وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ. - 6
 - لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە،
هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت. - 7
 - وەک پاڵەوان هێرش دەبەن،
وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن.
هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و
لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن. - 8
 - تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و
هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات،
بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن،
بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن. - 9
 - بەناو شارەکەدا غار دەدەن،
بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن،
سەردەکەونە سەر ماڵەکان،
وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە. - 10
 - لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت،
ئاسمان دەهەژێت،
خۆر و مانگ تاریک دەبن و
ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن. - 11
 - یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە
لەپێش سوپاکەیەوە،
سەربازەکانی زۆر زۆرن،
ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن.
ڕۆژی یەزدان گەورەیە،
زۆر سامناکە.
کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟ - دڵتان دابدڕن
 - 12
 - یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا،
بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام،
بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.» - 13
 - دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان،
بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە،
لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە. - 14
 - کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە،
لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت،
بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. - 15
 - لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن. - 16
 - گەل کۆبکەنەوە و
کۆمەڵ تەرخان بکەن،
پیران خڕبکەنەوە و
منداڵان کۆبکەنەوە
لەگەڵ شیرەخۆرەکان.
با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە،
بووکیش لە کوللەکەی. - 17
 - با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان،
لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن.
با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت،
میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر،
هەتا گەلان بیانکەنە پەند.
بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“» - وەڵامی یەزدان
 - 18
 - ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و
بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە. - 19
 - یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:
«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،
هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،
ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان. - 20
 - «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،
دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،
ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە[a] و
پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە[b] ،
بۆگەنییەکەی سەرکەوت و
بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»
بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە. - 21
 - ئەی زەوی مەترسە!
شاد و دڵخۆش بە،
چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە. - 22
 - ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،
چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،
درەختەکان بەر دەگرن،
دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن. - 23
 - ئەی نەوەی سییۆن،
شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.
پاییزە باران و بەهارە باران
هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت. - 24
 - ئیتر جۆخینەکان[c]  پڕ دەبن لە دانەوێڵە و
قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت. - 25
 - «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،
پێکوڕە و وردە کوللە و
کوللەی قرتێنەر،
لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان. - 26
 - ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،
ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،
ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت. - 27
 - ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم،
کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و
بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت. - ڕۆژی یەزدان
 - 28
 - «پاش ئەمانە،
ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن،
گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت. - 29
 - تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم. - 30
 - پەرجوو[d]  لە ئاسمان و
زەویدا نیشان دەدەم،
خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ. - 31
 - خۆر دەبێتە تاریکی و
مانگیش دەبێتە خوێن،
بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت. - 32
 - بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە
ڕزگاری دەبێت،
چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی،
ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و
لە ئۆرشەلیم دەبێت،
بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە،
ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون. 
- a. 2:20 دەریای مردوو.
 - b. 2:20 دەریای ناوەڕاست.
 - c. 2:24 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
 - d. 2:30 پەرجوو: موعجیزە.
 

