عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - تاقیکردنەوەی عیسا
 - 1
 - عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد.
 - 2
 - چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی دەکردەوە. بە درێژایی ئەو ڕۆژانە هیچی نەخوارد، کاتێک ماوەکە تەواو بوو برسی بوو.
 - 3
 - ئیبلیس پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان.»
 - 4
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت.﴾[a] »
 - 5
 - ئینجا ئیبلیس عیسای بردە شوێنێکی بەرز و لە چاوتروکانێکدا هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا و
 - 6
 - پێی گوت: «هەموو ئەم دەسەڵات و شکۆیەی ئەوان دەدەمە تۆ، چونکە دراوەتە من و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت.
 - 7
 - لەبەر ئەوە ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت.»
 - 8
 - عیساش وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾[b] »
 - 9
 - ئینجا ئیبلیس بۆ ئۆرشەلیمی برد و لەسەر گوێسەبانەی[c] پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە.
 - 10
 - لەبەر ئەوەی نووسراوە:
«﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
کە بە تەواوی بتپارێزن، - 11
 - لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾[d] » - 12
 - عیساش وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾[e] »
 - 13
 - کاتێک ئیبلیس هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بەجێی هێشت هەتا دەرفەتێکی دیکە.
 - عیسا لە ناسیرە دەردەکرێ
 - 14
 - عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
 - 15
 - لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد.
 - 16
 - هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا.
 - 17
 - پەڕتووکی[f] ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:
 - 18
 - «﴿ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات،
چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران،
منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ بەدیلگیراوان،
هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران،
بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و - 19
 - ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان.﴾[g] »
 - 20
 - ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو.
 - 21
 - دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
 - 22
 - هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»
 - 23
 - عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە شاری کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»
 - 24
 - هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت.
 - 25
 - لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە،
 - 26
 - بەڵام ئەلیاس بۆ هیچ یەکێکیان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەندی ناوچەی سەیدا.
 - 27
 - لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»
 - 28
 - هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون.
 - 29
 - دەریانکردە دەرەوەی شار، بردیانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە.
 - 30
 - بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.
 - دەرکردنی ڕۆحی پیس
 - 31
 - پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد.
 - 32
 - لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.
 - 33
 - لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد:
 - 34
 - «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»
 - 35
 - عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.
 - 36
 - خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.»
 - 37
 - ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.
 - چاککردنەوەی خەسووی پەترۆس
 - 38
 - عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، بۆیە داوایان لە عیسا کرد کە یارمەتی بدات.
 - 39
 - ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.
 - 40
 - کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە.
 - 41
 - ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.
 - 42
 - کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات.
 - 43
 - بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.»
 - 44
 - ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.
 
- a. 4:4 دواوتار 8:3
 - b. 4:8 دواوتار 6:13
 - c. 4:9 سواندە.
 - d. 4:11 زەبوورەکان 91:1،12.
 - e. 4:12 دواوتار 6:16
 - f. 4:17 هەر پەڕتووکێکی پەیمانی کۆن بە تەنها لەسەر پێست دەنووسرا و دەپێچرایەوە.
 - g. 4:19 ئیشایا 61:1،2.
 

