عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
 کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
- 2
- گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
 هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
- 3
- شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
 با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
- 4
- پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
 بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
- 5
- باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
 پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
- 6
- ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
 ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
- 7
- ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
 حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
- 8
- بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
 ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
- 9
- ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
 ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
- 10
- وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
 وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
- 11
- فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[a]  دەدەمە تۆ،
 بەشە میراتی خۆتانە.»
- 12
- ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
 کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
- 13
- لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
 لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
- 14
- لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
 بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
- 15
- «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم[b]  مەدەن،
 خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
- 16
- قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،
 هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
- 17
- کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،
 یوسف بە کۆیلایەتی فرۆشرا،
- 18
- بە کۆت ئازاری پێیان دا،
 زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد،
- 19
- هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،
 پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
- 20
- پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،
 فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
- 21
- کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،
 کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
- 22
- بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،
 پیرەکانی فێری دانایی بکات.
- 23
- جا ئیسرائیل هاتە میسر،
 یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
- 24
- بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،
 لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
- 25
- ئەو دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،
 هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
- 26
- موسای بەندەی خۆی نارد و
 هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
- 27
- لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو،
 لە خاکی حام هێنایانە دی.
- 28
- تاریکی نارد و تاریک داهات،
 میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
- 29
- ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن،
 ماسییەکانیانی کوشت.
- 30
- زەوی پڕبوو لە بۆق،
 کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
- 31
- بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات،
 مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
- 32
- بارانی کردن بە تەرزە،
 ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
- 33
- لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان،
 درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
- 34
- بە فەرمانی ئەو کوللە هات،
 کوللەحاجی بێشومار،
- 35
- هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد،
 بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
- 36
- لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان،
 یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
- 37
- بە زێڕ و زیوەوە دەریهێنان،
 لەنێو هۆزەکانیان کەس پەکی نەکەوت.
- 38
- میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
 چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
- 39
- هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
 ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
- 40
- داوایان کرد، سوێسکەی[c]  هێنا،
 نانی ئاسمانی تێری کردن.
- 41
- بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
 وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
- 42
- لەبەر ئەوەی بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
 بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
- 43
- گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
 هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
- 44
- خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
 بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
- 45
- بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
 فێرکردنی جێبەجێ بکەن.
 هەلیلویا.
- a. 105:11 مەبەست لەو خاکەیە کە کەنعانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، ئێستاش پێی دەگوترێت فەلەستین.
- b. 105:15 دەستنیشانکراوە: بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ\+tl* یان \+tl مەشیح\+tl*.
- c. 105:40 سوێسکە: باڵندەیەکی بچووکە، لە شێوەی کەوە، لە پۆلێکی گەورەدا کۆچ دەکەن، لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و هێلانەکانیشیان لەسەر زەوی دروستدەکەن. بڕوانە دەرچوون 16:13

