عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
2
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
3
شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
4
پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
5
باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
6
ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
7
ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
8
بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
9
ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
10
وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
11
فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[a] دەدەمە تۆ،
بەشە میراتی خۆتانە.»
12
ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
13
لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
14
لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
15
«دەست لە دەستنیشانکراوەکانم[b] مەدەن،
خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
16
قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،
هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
17
کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،
یوسف بە کۆیلایەتی فرۆشرا،
18
بە کۆت ئازاری پێیان دا،
زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد،
19
هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،
پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
20
پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،
فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
21
کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،
کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
22
بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،
پیرەکانی فێری دانایی بکات.
23
جا ئیسرائیل هاتە میسر،
یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
24
بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،
لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
25
ئەو دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،
هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
26
موسای بەندەی خۆی نارد و
هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
27
لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو،
لە خاکی حام هێنایانە دی.
28
تاریکی نارد و تاریک داهات،
میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
29
ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن،
ماسییەکانیانی کوشت.
30
زەوی پڕبوو لە بۆق،
کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
31
بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات،
مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
32
بارانی کردن بە تەرزە،
ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
33
لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان،
درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
34
بە فەرمانی ئەو کوللە هات،
کوللەحاجی بێشومار،
35
هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد،
بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
36
لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان،
یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
37
بە زێڕ و زیوەوە دەریهێنان،
لەنێو هۆزەکانیان کەس پەکی نەکەوت.
38
میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
39
هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
40
داوایان کرد، سوێسکەی[c] هێنا،
نانی ئاسمانی تێری کردن.
41
بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
42
لەبەر ئەوەی بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
43
گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
44
خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
45
بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
فێرکردنی جێبەجێ بکەن.
هەلیلویا.
  1. a. 105‏:11 مەبەست لەو خاکەیە کە کەنعانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، ئێستاش پێی دەگوترێت فەلەستین.‏
  2. b. 105‏:15 دەستنیشانکراوە: بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ‏\+tl* یان \+tl مەشیح‏\+tl*.‏
  3. c. 105‏:40 سوێسکە: باڵندەیەکی بچووکە، لە شێوەی کەوە، لە پۆلێکی گەورەدا کۆچ دەکەن، لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و هێلانەکانیشیان لەسەر زەوی دروستدەکەن. بڕوانە دەرچوون 16‏:13‏‏