عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.
- 1
- ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
 بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
- 2
- تیرەکانت منیان پێکا،
 دەستت منی خستە خوارەوە.
- 3
- بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
 بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
- 4
- تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
 وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
- 5
- برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
 بەهۆی گێلایەتی خۆم.
- 6
- پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
 بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
- 7
- کەلەکەم[a]  پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
 تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
- 8
- بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
 لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
- 9
- ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
 ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
- 10
- دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
 تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
- 11
- لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
 خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
- 12
- ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
 ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
 بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
- 13
- بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
 وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
- 14
- وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
 هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
- 15
- ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
 ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە،
- 16
- چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم دڵخۆش بن،
 یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
- 17
- خەریکە دەکەوم،
 هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
- 18
- دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
 بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
- 19
- دوژمن چالاک و بەهێزن،
 ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
- 20
- ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
 دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
- 21
- ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
 ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
- 22
- ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
 خێرا بگە فریام.
- a. 38:7 قەبرغەم.

