عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نامەیەک بۆ کڵێسای ئەفەسۆس 
1
بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفەسۆس بنووسە:
ئەوەی حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و بە ناو حەوت چرادانە زێڕینەکەدا هاتوچۆ دەکات، دەفەرموێ:
2
«ئاگام لە کردار و ماندووبوون و دانبەخۆداگرتنتە. دەزانم کە ناتوانیت بەرگەی خراپەکاران بگریت و ئەوانەشت تاقی کردەوە کە خۆیان بە نێردراو دەزانن بەڵام نێردراو نین و بە درۆزن دەرچوون،
3
دانت بە خۆتدا گرت و لەبەر ناوی من بەرگەت گرت و کۆڵت نەدا.
4
«بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی جارانت بەلاوە ناوە.
5
بەبیرت بێتەوە لە چ پایەیەکی بەرز کەوتیت! تۆبە بکە و کارەکانی پێشترت دووبارە بکەرەوە. ئەگەر تۆبە نەکەیت، دێمە لات و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەدەم.
6
بەڵام شتێکی باشت هەیە: تۆش وەکو من ڕقت لە دابونەریتی نیکۆلاوییەکان[a] دەبێتەوە.
7
«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان[b] بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»
نامەیەک بۆ کڵێسای سمیرنا 
8
بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە:
ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ:
9
«ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن.
10
هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.
11
«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»
نامەیەک بۆ کڵێسای پرگامۆس 
12
بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە:
ئەوەی شمشێرە تیژە دوودەمەکەی هەیە دەفەرموێ:
13
«ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.
14
«بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە: هەندێک کەس لەلاتن پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە[c] ، ئەوەی بالاقی فێردەکرد کۆسپ لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دابنێت تاکو لەو قوربانییانە بخۆن[d] کە بۆ بت کراون و داوێنپیسی بکەن.
15
بە هەمان شێوە، لەلای تۆش هەندێک هەن پابەندن بە فێرکردنی نیکۆلاوییەکان.
16
بۆیە تۆبە بکە! ئەگینا، بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵیان دەجەنگم.
17
«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، لە مەنی[e] شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»
نامەیەک بۆ کڵێسای سیاتیرا 
18
بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە:
کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ:
19
«ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەم جارت زیاترن.
20
«بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە[f] ، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی.
21
کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات.
22
لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە.
23
هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، سزای هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەدەم.
24
«بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر،
25
تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم.
26
«ئەوەی سەربکەوێت و هەتا کۆتایی کارەکانی من ئەنجام بدات، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ،
27
﴿بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات،
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.﴾[g]
هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە.
28
هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ.
29
ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
  1. a. 2‏:6 کۆمەڵێکی شوێنکەوتەی نیکۆلاوس، لە بیری ئەوان ئازادی بە مەسیح ئازادی بوو بۆ بەڕەڵایی. بڕوانە 2‏:15‏.‏
  2. b. 2‏:7 پەیدابوون 2‏:9؛ 3‏:22.‏‏
  3. c. 2‏:14 سەرژمێری 31‏:16‏‏
  4. d. 2‏:14 سەرژمێری 25‏:1‏‏.‏
  5. e. 2‏:17 ئەو نانەی کە خودا لە سەردەمی موسادا لە ئاسمانەوە باراندی. گەلی خودا لەو باوەڕەدا بوون کە لە سەردەمی مەسیحدا خودا دووبارە ئەم مەنە بە گەلەکەی دەداتەوە. بڕوانە دەرچوون 16‏:4‏-34.‏‏
  6. f. 2‏:20 ناوێکە وەکو هێما بۆ خراپەکار بەکاردێت، بڕوانە یەکەم پاشایان 18‏:4‏‏.‏
  7. g. 2‏:27 زەبوورەکان 2‏:9‏‏