عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پاراستنی بەندەکانی خودا
- 1
- پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن.
- 2
- فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی:
- 3
- «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.»
- 4
- گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.
- 5
- لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،
 لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،
 لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،
- 6
- لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،
 لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،
 لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،
- 7
- لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،
 لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،
 لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،
- 8
- لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،
 لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،
 لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.
- خەڵکانێکی سپیپۆش
- 9
- پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو،
- 10
- بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:
 «ڕزگاری هی خودامانە،
 کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و
 هی بەرخەکەیە.»
- 11
- هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد،
- 12
- دەیانگوت:
 «ئامین!
 ستایش و شکۆ و دانایی و
 سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
 بۆ خودامانە، هەتاهەتایە!
 ئامین!»
- 13
- دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»
- 14
- منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»
 پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە.
- 15
- بۆیە
 «لەبەردەم تەختی خودان و
 شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
 دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
- 16
- ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
 نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر،
- 17
- چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و
 بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
 خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

