عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- هەلیلویا!
 ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
 ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
- 2
- ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
 لە حەوشەی ماڵی خودامان.
- 3
- ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
 مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
- 4
- چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
 ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.
- 5
- من دەزانم یەزدان مەزنە،
 پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
- 6
- یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
 لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
 لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
- 7
- لەوپەڕی زەوییەوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
 بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
 لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.
- 8
- ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
 لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
- 9
- ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
 لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
- 10
- ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
 پاشا بە تواناکانی کوشت.
- 11
- سیحۆنی[a]  پاشای ئەمۆرییەکان و
 عۆگی[b] پاشای باشان و
 هەموو پاشاکانی کەنعان
- 12
- خاکەکەیانی کردە میرات،
 میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.
- 13
- ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
 ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
- 14
- چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
 میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.
- 15
- بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
 دەستکردی مرۆڤن.
- 16
- دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
 چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
- 17
- گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
 هەناسە لە دەمیان نییە.
- 18
- دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
 هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
- 19
- ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
 ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
- 20
- ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
 ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
- 21
- ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
 بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.
 هەلیلویا!
 هەلیلویا!
- a. 135:11 سیحۆن، یەکێک بوو لە پاشاکانی ئەمۆرییەکان، ویستی بەرەنگاری جولەکەکان بێتەوە و ڕێی پێنەدان بەناو خاکەکەیدا تێبپەڕن، کاتێک بەڕێوە بوون بەرەو خاکی کەنعان. جا خۆی و سوپاکەی تێکشکان. بڕوانە ژمارە 21:21-29.
- b. 135:11 عۆگ، پاشای باشان بوو، بە هەمان دەردی سیحۆن چوو. بڕوانە ژمارە 21:31-35.

