عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مۆئاب کوڕانی ئیسرائیل هەڵدەخەڵەتێنێت 
1
کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب،
2
ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد.
3
ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە[a] ، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.
4
یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»
5
موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»
6
لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و کچێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان.
7
کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک،
8
بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و کچەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە.
9
بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.
10
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
11
«فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل ڕەواندەوە. لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان بەو جۆرەی کە من بۆ شکۆمەندی خۆم دڵگەرمم، نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد.
12
لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم.
13
بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»
14
ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ کچە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان،
15
ناوی کچە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.
16
یەزدان بە موسای فەرموو:
17
«تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن،
18
چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»
  1. a. 25‏:3 ‏بەعلی پەعۆر: ناوێکی مۆئابییە بۆ ئەو خوداوەندەی لە کێوی پەعۆر دەیانپەرست.‏